لەکەی دەروون درو

Home  /    Newsletter /  

لەکەی دەروون دروستی

فؤاد بارانی، ٢٠١٦

دەروون دروستی باشبوونی لایەنی عاتیفی و دەروونی و کۆمەڵایەتیمان دەگرێتەوە. کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەستکردن و مامەڵەکردنمان هەیە. هەروەها یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ فشاردا دەکەین، پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی تردا چۆن بێت و لە ژیاندا بڕیاری دروست بدەین.

دەروون دروستی لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا گرنگە، لە منداڵی و هەرزەکارییەوە تا تەمەنی گەورەیی. گرنگە ئەوەت لەبیر بێت کە دەروون دروستی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت، ئەمەش بەندە بە چەندین هۆکارەوە، کە ئایا خراپتر دەبێت یان باشتر دەبێت. بەڵام زۆر گرنگیشە کە ڕەچاوی دەروون دروستیمان بکەین  لە کاتێکدا کە هەست دەکەین بەرەو خراپی دەڕوات. وا باشترە کە داوای یارمەتی دەروون دروستی لە کەسێکی پسپۆڕ بکەین.

بەداخەوە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونییان هەیە، یارمەتی وەرناگرن بۆ تێکچوونەکانیان. زۆرجار مرۆڤەکان خۆیان لە داوای چارەسەرکردن بەدوور دەگرن یان دوایدەخەن بەهۆی نیگەرانی لە مامەڵەکردنیان بە شێوەیەکی جیاواز یان ترسی ڕەتکردنەوەیان هەیە لەلایەن کۆمەڵگاکەیانەوە. ئەوەش بەهۆی شەرمکردنەوەیە!

بەگوێرەی کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی، ستیگما (هەستکردن بە شەرمەزاری نەخۆشی دەروونی) بریتییە لەو هەڵوێستە

کۆمەڵایەتییە نەرێنییەی کە بە تایبەتمەندیی تاکەوە دەبەسترێتەوە کە ڕەنگە وەک کەموکوڕییەکی دەروونی، جەستەیی، یان کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت. ستیگما واتای ناڕەزایی کۆمەڵایەتییە و دەتوانێت بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ببێتە هۆی جیاکاری و دوورخستنەوەی تاک. بۆ نموونە شەرمکردن لە وەرگرتنی چارەسەری دەروون دروستی ئاماژەیە بۆ ناڕەزایی کۆمەڵگە یان کاتێک کۆمەڵگە ئەو کەسانە شەرمەزار دەکەن کە لەگەڵ نەخۆشییەکی دەروونیدا دەژین یان داوای یارمەتی دەکەن بۆ هەبوونی کێشەی هەست و سۆز، وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، نەخۆشی دوو جەمسەری، یان نەخۆشی فشاری دوای کارەسات.

ستیگما دەتوانێت ببێتە هۆی جیاکاری. ڕەنگە جیاکاری ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بێت، وەک ئەوەی کەسێک تێبینییەکی نەرێنی لەسەر نەخۆشی دەروونی یان چارەسەرەکە بدات. یان ڕەنگە بەبێ مەبەست یان بچوک بێت، وەک ئەوەی کەسێک خۆی لێت دوور بخاتەوە چونکە کەسەکە وا گریمانە دەکات کە تۆ بەهۆی نەخۆشییە دەروونییەکەتەوە ناجێگیر، توندوتیژ یان مەترسیدار بیت. تەنانەت ڕەنگە تۆ بە خراپ بیر لە خۆت بکەیتەوە. هەروەها ستیگما دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونییان هەیە، تووشی قسەی ناشرین بن، یان لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دوور بخرێنەوە، یان ببنە قوربانی توندوتیژی.

لەکەی دەروون دروستی دەتوانێت لە بیروباوەڕی ناڕاستەوە سەر هەڵبدات، جا بیروباوەڕەکە سادەکراو یاخود گشتگیر بێت یاخود ببێتە هۆی ئەوەی کەسێک بخرێتە پاڵ کۆمەڵە کەسانێکی تر کە زۆرجار ئەو خستنە پاڵە نادروستە و مەبەستەکە پێی کەمکردنەوەی کەسی نەخۆشە. ئەوان ڕێگە بە کەسێک دەدەن بە خێرایی بڕیار لەسەر کەسانی دیکە بدات بە پشتبەستن بە چەند تایبەتمەندییەکی پێناسەکەر کە بۆ هەر کەسێک لەو گرووپەدا دەگونجێت. بۆ نموونە زۆرجار ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە بە "تەمبەڵ" ناوزەند دەکرێن، لە کاتێکدا هەندێک کەس لەوانەی دڵەڕاوکێیان هەیە بە "ترسنۆک" ناو دەبردرێن. زۆرێک لەو کەسانەی کە ترسیان هەیە بە "شێت" ناوزەد دەکرێن تەنها لەبەرئەوەی چونەتە لای پسپۆڕێکی دەروونی. هیچ کام لەم تایبەتمەندییانە ڕاست نین و هەموو ئەو قسانەشی دەیکەن بێ بنەمان، و ڕێگری لە خەڵک دەکەن کە ئەو یارمەتیە وەربگرن کە پێویستیانە.

گرنگ ئەوەیە هەموو کەسێک ڕۆڵی هەبێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی دەروونی. یەکەم: پێویستە مرۆڤەکان خۆیان پەروەردە بکەن سەبارەت بە پرسەکانی تەندروستی دەروونی و باشتر لەوە تێبگەن کە ژیان چۆنە بۆ ئەوانەی ئەم حاڵەتانەیان هەیە. بەم کارە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەرپەچدانەوەی ئەو قسە نا ڕاست و کۆنەپەرستانەی کە لە خۆیان و ئەوانی دیکەدا باون.

مامەڵەکردن لەگەڵ لەکەی دەروون دروستی جێگەی نیگەرانییە و دەکرێت نەخۆشییە دەروونییەکان توندتر بکاتەوە. زۆرێک دەڵێن مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمە قورسترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکان. هەروەها لەوانەیە ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونییان هەیە، ئەو بۆچوونە زیان بەخشانەیان بۆ بێت کە ئەوانی دیکە هەیانە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕازیبوون لە خود هەبێت. لەوانەیە هەست بە شەرم یان شەرمەزاری بکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە بەدوای چارەسەردا نەگەڕێن، ئەمەش وابکات کە لە کۆمەڵگە بکشێنەوە بۆ بەکارهێنانی مەی و ماددە هۆشبەرەکان یان تەنانەت هەوڵی خۆ کوشتنیش بدەن!

چەند ئەندامی خێزانەکەمان بەدەست کێشەی دەروون دروستیەوە دەناڵێنن و بەهۆی لەکەی دەروون دروستیەوە ناتوانن هاوکاری پێویست وەربگرن؟

 

 

 

2023-04-01 00:00:00