هەڵسەنگاندنی شوققەی نیشتەجێبوون بەر لەکڕین

هەڤاڵ سامی، قوتابی دکتۆرا، ٢٠٠

پێشکەوتنی بیناسازی لە هەر ووڵاتێک یەکێکە لە سیما دیارەکانی پێشکەوتنی ئەو ووڵاتە. لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای ساڵانی ٢٠٠٥ قۆناغێکی ئاوەدانی گرنگ دەستی پێکرد. لەم قۆناغەدا بەرەوپێش چوونەکانی بواری نیشتەجێبوون پشکی شێری بەرکەوت. بە تایبەت باڵەخانەی نیشتەجێبوون  بە شێوەی ستوونی کە پێشتر زۆر باو نەبوو بە شێوەیەکی زۆر خێرا جێگای خۆی کردەوە و زاڵی خۆی نیشاندا بە سەر بازاڕەکەدا. ئەمەش وەکو هەر ووڵاتێکی تری دونیا لە قۆناغی پێشکەوتن بەدەر نەبوو لە کۆمەڵێک کەم و کورتی و لایەنی نەرێنی. بەر لەوەی بچینە سەر لایەنە باش و خراپەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی ستوونی با سەیرێکی ئەو هۆکارانە بکەین کە وا دەکات لایەنی نەرێنی دەربخات.

ئەو هۆکارانەی کە وای کردووە هەندێ لایەنی نەرێنی لە شوقەدا دروست بێ:

1. نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئەزموونی خەڵک لەگەڵ شوقە، بۆیە بەشێک لە کڕیاران نەیانتوانی جیاوازی لە نێوان شووقەی باش و خراپ بکەن و هەڵبژاردنی دروست ئەنجام بدەن و ببنە هۆکاری دروست بوونی پێشبڕکێی دروست لە نێوان وەبەرهێنەرەکان.

2. کەم ئەزموونی ئەندازیارانی خۆماڵی لە چاودێری کردنی کوالیتی یەکەکان بە تایبەتی ئەندازیارانی میری لە کاتی سەرپەرشتی کردنی پڕۆژەکان.

3. کەم ئەزموونی لە ئیدارەدان و چاودێری کردنی پرۆژە نیشتەجێکان و بە تایبەتی پلانسازی شار و پلانی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەلگاکانی نیشتەجێ.

4. کەم ئەزموونی وەبەرهێنەران و پشت بەستن تەنها بە لایەنی فرۆشتن و تەنها ڕاوێژ کردن بە نوسینگەکانی خانو بەرە و عەقاراتەکان.

5. ڕۆڵی نوسینگەکانی خانوبەرە و زاڵ بوونی بەسەر لایەنەکانی تری وەکو ئەندازیاری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت پلانی شارسازی.

ئەم خاڵانەی سەرەوە بە کورتی تیشک دەخەنە سەر هۆکارەکانی لایەنی نەرێنی لە شوقەدا، با ئێستا چاوێک بەم خاڵانە بخشێنینەوە کە گرنگن بۆ هەڵسانگاندنی یەکەی نیشتەجێبوون.

بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروست لە لایەنی تەلارسازی و ئەندازیاری بۆ کوالیتی یەکەی نیشتەجێ سێ لایەنی گرنگ هەیە پیویستە لە بەرچاو بگیرێن:

یەکەم: لایەنی پلانی شارسازی و هەڵکەوتەی شوێنی پڕۆژەکە کە ئەمەش چەن لایەنیک دەگرێتەوە.

١- شوێنی پڕۆژەکە : ئایا پڕۆژەکە لە شوێنیکی گرنگ و دڵخوازی شارەکەیە.

٢- پێکهاتەی پڕۆژەکە:  پڕۆژەکە لە چەند  باڵەخانە پێک هاتووە و چەندە بەرزن و دووری نێوانیان چەندە کە دەبێ بە ڕێژەی   نیوەی بەرزیەکە بێت  واتە (دووری نێوان دوو باڵەخانە = ½ بەرزی باڵەخانەکان) . ڕێژەی سەوزای کە بۆ هەر تاکێک پێویستی بە 1.5 م٢ . شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل کە بۆ شوقەی 3+1 بە لایەنی کەم شوێنی 2 ئۆتۆمبێل و بۆ شوققەی بچوکتر 1 ئۆتۆمبێل لەگەڵ دابین کردنی ڕێژەی ٪10 کۆی گشتی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ بۆ میوان.

٣- بوونی خزمەتگوزاریەکانی پڕۆژە وەکو قوتابخانە و بازاڕ و مزگەوت و بنکەی تەندروستی .....

دووەم: پلانی شوقە تا چەند پلانەکە لەگەڵ پێوەرەکانی ژیانی خانەوادەکە گونجاوە و لەگەڵ کلتور و شیوازی ژیانی ئەگونجێ. ڕێژەی ڕووبەری خزمەتگوزاری لەگەل ڕێژەی ڕوبەری شوقە ( ڕێژەی ڕووبەری نێت بۆ گرۆس نابێ لە ٪15 بۆ ٪20 زیاتر بێت) واتە ڕووبەری شوقەکە لەگەڵ ڕووبەی فرۆشتن . لە هەندێ پڕۆژە لە هەولێر ئەم ڕێژەیە دەگاتە ٪35 واتە تۆ ئەو ڕووبەرەی کە كریوتە لە ٪35 وەکو خزمەتگوزاری بە کار هاتووە. وە ڕێژەی ڕووبەری باڵکۆنەکان نابێ لە ڕێژەیەکی دیاری کراو زیاتر بێ  کە هەندێ پڕۆژە 35م٢ بالکۆنیان هەیە و بەشێکیان بالکۆنەکانیان لەگەڵ هاوسێکان تێکەڵە.

سێیەم: کوالیتی ئەو مەوادانەی بە کارهاتوون و شێوازو دروستی شوێنی بە کارهێنانیان. بە تایبەتی دابڕینی گەرمی و دەنگ کە لە ژینگەی کوردستان زۆر گرنگن.

ئەم خاڵانە زۆر گرنگن لەبەر چاو بگیرێن لە کاتی کڕین یان بە کرێ گرتنی شوقە. بەڵام لەمانیش گرنگتر ئەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر شوقەیەک پشت بە ئەزموونی ئەندازیاری تەلارسازی ببەسترێت بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە لە کوالیتی باڵەخانەکە لە لایەنە جیاوازەکانەوە.

 

2023-04-01 00:00:00