حسن وشیار بزاز، ٢٠١٤
ئەندازەی بیناسازی ڕەسەن شێوازێکی بیناسازی ناوازەیە کە بە پێی ناوچە و کۆمەڵگەکان جیاوازە، هاوکات هیچ ئەندازیارێک بەژداری لە کاری بیناسازییەکەدا نەکردووە، بەڵکو ئەم شێوازە تەلارسازیە پشت بە زانیاری و سەرچاوە و کەرەستەی خامی ناوچەکە دەبەستێت بۆ دروستکردنی تەلار و خانووبەرەیەک کە هەم بە سوود بێت و هەم بۆ ماوەیەکی زۆریش بمێنێتەوە. ئەم جۆرە تەلارسازیە چەندین سەردەمە بوونیان هەیە و وەکو کلتورێکی بۆماوەیی بەهایەکی زۆری هەیە.
مێژووی ئەندازەی بیناسازی ڕەسەن نەریتێکی زانستی تەلارسازی لەخۆگرتووە کە نەوە بە دوای نەوە بە یەکتریان بەخشیوە. نموونە سەرەتاییەکانی ئەم جۆرە تەلارسازیە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو تەلارە سادانەی کە مرۆڤە سەرەتاییەکان دروستیان کردووە. لەگەڵ پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگەکان، زانستی تەلارسازیش بەهەمان شێوە پەرەی سەندووە و ئاڵۆزبووە. بەشی هەرە زۆری ئەو جۆرە تەلارانەی کە بەر لە ساڵانی سەدەی هەژدەم درووستکراون بە بیناسازی ڕەسەن هەژمار دەکرێن چونکە هیچ ئەندازیارێکی تەلارسازی سەرپەشتی دروستکردنیانی نەکردووە. دەستەواژەی "بیناسازی ڕەسەن" لە سەدەی نۆزدەهەمدا بوو بە بەشێک لە گوتاری بیناسازی کاتێک وڵاتە داگیرکەرەکان شێوازی بیناسازی نوێیان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دۆزییەوە. بە تێپەڕبوونی کات بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە زیاتر بوو کە بۆ چەندەها جۆری جیاوازی خانووبەرە و تەلارسازی بەکاردەهات لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان و ئەوڕوپا و ئەمەریکا.
بیناسازی ڕەسەن تایبەتمەندە بەوەی کەوا سادەیە و هیچ ڕێسایەکی فەرمی لە بنەما جوانکاریەکانی ئەندازەی تەلارسازی تێدا بەکارنەهاتووە. بیناسازیەکە بە کەرەستەی گونجاو دروستکراون کە سەرچاوەکانیان هەر لە هەمان شوێندا دەستەبەر کراون، بۆ دیزاینەکانیش هەوڵیان داوە تەلار و خانووبەرەکان زیاتر کرداری بن و ئەوەندە گرنگیان بە لایەنی جوانی نەداوە. کەرەستەکان بە گشتی نرخەکەی گونجاو بووە و کەرەستەی ناوخۆیان بەکارهێناوەتەوە، دیزاینەکانیش ئەوکاتە پەرەیان سەندووە کە بیناسازەکان لە ئەزموونی کارەکانی خۆیان فێربوون و بەو پێیەش هەوڵی پێشخستنی دیزاینەکانیان داوە.
ئەم بینایانە زۆرجار تەکنەلۆژیای ناوخۆیی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەرجەستە دەکەن. هەندێک تەوەری هاوبەش لە نێوان ئەندازەی بیناسازی ڕەسەن لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەبینیت. دەکرێ ئەو تەوەرەی کە لەیەکیان نزیک دەکاتەوە بەکارهێنانی کەرەستەی نزیک بێت یاخود شێوازی دیزاینەکەیان لەیەک نزیکبێت یاخود سەر بە هەمان کۆمەڵە بن. هەروەها لەوانەیە خانووەکان ببینیت کە بە کۆمەڵ لە نزیکی یەکترن یاخودپاڵیان بە یەک داوە یاخود کۆمەڵگەی تەلاری نیشتەجێبوون لە ناوچەی دانیشتوانی چڕ دروستکراون. دیزاینەکان ڕەنگدانەوەی کەش و هەوای ناوچەکان لەخۆ دەگرێت، لەکاتی بیناسازیدا ڕەچاوی ئەوەیان کردووە کە خانووەکان بە چ ئاراستەیەک بن ( ڕوو لە خۆرن یاخود نا ) وە شوێنی پەنجەرەکان لە کوێ بن و ئەو کەرەستانەشیان بەکارهێناوە کە یارمەتیان بدات لە سەختی وەرزی زستان ڕزگاریان ببێت.
ئەندازەی تەلارسازی کۆن بەشێکی سەرەکی میراتی بە جێماوی کلتورەکانە. هەر تەلارێک جیاوازە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر و لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر وە ڕەنگدانەوەی مێژوو و داب و نەریت و شێوازی ژیانی ئەو ناوچەیە لەخۆ دەگرێت کە لێی دروستکراوە. جگە لەوەی کە کەرەستەکان نرخێکی گونجاویان هەبووە زانستی تەلارسازیەکەش لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراوەتەوە و ئەمەش وای کردووە هەم ژیان لە تەلارەکان بەردەوام بێت و تەلارەکان بەردەوام بن لە ژیان تیایاندا و هەمیش ژینگە دۆست بن.
هەبوونی ئەندازەی تەلارسازی ڕەسەن ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی هەستی پەیوەستبوون بە ناوچەکە و هەستی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەلای تاکەکان. ئەم تەلار و خانووبەرانە زۆرجار لە نزیک یەکەوە دروستکراون، ئەمەش هەستی هاوبەشیکردنی مێژوو و ناسنامە دروستدەکات. لە هەمان کاتیشدا بارودۆخی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیانە پیشان دەدات کە خانەوادە کەم درامەتەکان لە خانووی بچووکتر و نزمتردا دەژین.
لەم ساڵانەی دوایدا، گرینگیدان بە ئەندازەی تەلارسازی ڕەسەن گەشەی سەندووە، چونکە خەڵکی بەدوای ئەو ڕێگایانەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خانوو و باڵاخانەی وا بنیات بنێن کە بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە و پەیوەستیان بکات بە کۆمەڵگە و ناوچەکەی خۆیان. جگە لەوەش ئەم جۆرە لە شێوازی تەلارسازی دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ ئەو ئەندازیارە تەلارسازانەی کە دەیانەوێت خانوو و تەلاری کرداری و ژینگە دۆست بونیات بنێن.
کەواتە، دەتوانین بڵێین کە، ئەندازەی تەلارسازی ڕەسەن ڕەنگدانەوەی میراتی کلتووری نەتەوەییە و ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە نیشاندانی مێژوو و داب و نەریت و شێوازی ژیانی ناوچەکە و شێوازێکی تەلارسازییە کە دیزاینکراوە بۆ ئەوەی ژیان تیایدا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت و ژینگە دۆستیش بێت. تەلارەکان سادەن و کردارین، شایەتحاڵی کەش و هەوا و بارودۆخی گوزەرانی خەڵکی ناوچەکەن. دەتوانن هەستی بە کۆمەڵگە بوون دروستکەن و ببنە هۆی نزیکبونەوە و یەکگرتوویی لایەنی کۆمەڵایەتی و دەتوانن ئیلهابەخش بن بۆ ئەندازیارانی تەلارسازی مۆدێرن بۆ ئەوەی تەلار و خانووبەرەی ماوە درێژ و ژینگە دۆست بونیات بنێن.