ساکار اسماعیل، قوتابی دکتۆرا، ٢٠٠٨
زۆرجار مرۆڤ بیر لە ژیانی هەتاهەتایی دەکاتەوە و ئارەزوو دەکات کە بە مێشکی دونیایی قبوڵی بکات. بەڵام هەموو جارێک دەکەوێتە کۆڵانێکی داخراو و ناگاتە ئامانجەکەی. ئەوەی بڕوای هەیە, تەوەککول دەکات و باسەکە دادەخات. بەڵام ئەوەی کە باوەڕدار نییە دەکەوێتە بۆشاییەکی گەورە و دەرچوونی لێی مەحاڵ دەبێت. لە باسەکاماندا هەوڵدەدەین بە زانستی بیرکاری چەند نموونەیەکی نزیک لە مەنتقی هەتاهەتایی بهێنینەوە.
لە تەمەنێکی کورتی ٦٠-٧٠ ساڵی چۆن ژیانێکی هەتاهەتایی بەهەشت بەدەست دەهێنرێت؟ بۆ جێگیرکردنی ئەم بیردۆزە لە مێشکمان دەکرێت نمونەیەکی نزیک بهێنینەوە و ژمارە سروشتی و تەواو و ڕاستییەکانی بیرکاری بەکاربهێنین.
ژمارە سروشتییەکان لە ٣،٢،١،٠،... دەستپێدەکات و کۆتایی نایەت. ژمارە تەواوەکانیش بە شێوەی ...، ٣، ٢، ١، ٠، -١، -٢، -٣، ... دەژمێردرێت. هەروەک دەبینرێت کە ژمارە تەواوەکان ژمارە سروشتییەکانیش لە خۆ دەگرێت. ژمارە ڕاستییەکان بە هەمان شێوە ژمارە تەواوەکان و چەندین جۆر ژمارە کەرتەکان و دەییەکان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە ئەگەر لە سەڕ هێڵی ژمارە نێوانی -١ و ١ وەرگرین:
١ ٠ -١
لەم هێڵە ژمارەییەی سەرەوە ئەگەر بڵێین چەند ژمارەی سروشتی هەیە لە وەڵامدا دەڵێین دوو {٠،١}، ئایا چەند ژمارەی تەواومان هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین سێ {١،٠،-١}. بەڵآم کە دەڵێین لە نێوان -١ و ١ دا چەند ژمارەی ڕاستی هەیە لە وەڵامدا دەڵیین بێسنوور چونکە لە نێوان -١ و ١دا دەتوانین چەندین ژمارەی کەرتی بێسنوور وەک ٠،٥ و ٠،٧ و -٠،١ بدۆزینەوە. کەواتە لە دوورییەکی ئەوەندە کورت دەتوانین بێسنوور بەدەست بهێنین.
لە لایەکی تریشەوە ئەگەر نێوانی -١ و ١ بەراوردبکەین لەگەڵ دووری بێسنووری سالب و موجەب ئەوەندە بچووکە کە لە نەبوون نزیکە. واتە ئەو نێوانەی بۆ بەراورد لەگەڵ بێسنوور وەردەگیرێت چەندە بچووک بێت کە بە چاوی ژمارە ڕاستییەکان سەیری دەکەین هەر بەرەو هەتاهەتایی دەبات.
با ئێستا ئەمە وەک نموونەیەک بەکاربهێنین و لە ژیانی خۆمان بەراوردی پێبکەین:
لەگەڵ ئەوەی ژیانمان زۆر کورتە بەڵام کارێکی زۆر هەیە کە لەسەرمانە بیکەین. خەیاڵەکانمان و چاوەڕوانییەکانمان و ئەوشتانەی کە دەمانەوێت بەدەستی بهێننین ئەوەندە زۆرە لە ژمار نایەن. ئەگەر ژیانمان بە گوێرەی ئارەزوو و ویستی نەفسمان بەسەر ببەین لە ڕۆژی دواییدا تووشی بارودۆخێک دەبین کە ناتوانین ڕزگارمان بێت. بەڵام ئەگەر ئامانجی ژیان بزانین و نییەت و هەوڵەکانمان بۆ
ڕەزامەندی خوای گەورە بێت ئەوکات کردەوەکانمان بێکۆتایی بەدەست دەهێنن و هەڵماندەگرن بەرەو ئەبەدییەت. گرنگ نییە ئەوەی دەیکەن بچووک بێت یان گەورە، گرنگ ئەوەیە بەرەو ڕێگای ڕەزامەندی ئەو (جل جلاله) بێت.
هەرچەندە بچووک بێت کردارەکانمان وەک چۆن نێوانی -١ و ١ ناکۆتایی بەدەست دەهێنن، بەم شێوەیە ئەگەر نییەت و هەوڵمان وەک ژمارە ڕاستییەکان دابنێین دەگەینە بەهاکانی نزیک لە ناکۆتایی. بیر لە ٨٠ ساڵ بکەوە کە ساڵەکەنی بە ١، ٢، ٣ دەژمێرین تاوەکو ٨٠ بەڵام مانگەکانی یەک ساڵ و رۆژەکانی یەک مانگ و کاتژمێرەکانی یەک ڕۆژ و خولەکەکانی یەک کاتژمێر و چرکەکانی یەک خولەک و ساتەکانی یەک چرکە بژمێرین دەکرێ باس لە هەزاران کات بکەین. دەتوانین بە بیر و نییەتی خاوێن لە ساتێکدا بگەین بە هەزاران ساڵ و ژیانی ئەبەدی لە بەهەشت بە لوتفی خوای گەورە.
مرۆڤ ئەنجامی هەموو جووڵەیەکی بە نیەت دیاری دەکات. ئەگەر کردەوەکانی بە نییەتێکی باش بکات و بەو شێوەیە ژیان بەسەرببات ئەوکات ساتەکانی بۆ دەبێتە چەندین ساڵ لە ژیانی بەرزەخدا. کارە عادەتییەکان بەرەو عیبادەت بەرزدەبنەوە و مرۆڤ لە بوونەوەرێکی ئاسایی جیادەبێتەوە و بەرەو خۆشگوزەرانی هەمیشەیی هەنگاو دەنێت و شایستەی بینینی جمال الله دەبێت.