پوکت پەمەیی و تەندروست بهێڵەوە

د. دالان جمال کمال، ٢٠١٢

نەخۆشیەکانی پوک دروست دەبێت لە ئەنجامی هەوکردن و کۆبونەوەی بەکتریا لە دەوری پوک و ئەو ئێسقانانەی کە دەوری ددانەکانیان داوە. قۆناغی سەرەتایی بریتیە لە نەخۆشی پوک بە تەنیا، لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی نەخۆشیەکە زیاتر تەشەنە دەکات ئەوکات دەبێتە نەخۆشی پوک و ئێسکی دەوری ددان.

 ئەم حاڵەتە زیاتر لە ڕەگەزی نێردا دەبینرێت کە بە ڕێژەی 56.4% و لە ڕەگەزی مێدا بە 38.4% دەبینرێت، هەروەها لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات کە 70.1%ی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتر نەخۆشی پوک و ئێسکی دەوری ددانیان هەیە.

هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە ئەو بەکتریایانەن کە لە ناو (دەم)ن و شانەکانی دەوروبەری ددانەکە تووش دەکەن و دەبنە هۆی هەوکردنی دەوروبەری ددانەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دەوری ددان. کاتێک بەکتریاکان بۆ ماوەیەکی پێویست لەسەر ددانەکان دەمێننەوە، فیلمێک دروست دەکەن کە پێی دەوترێت کلۆربوونی ددان، کە لە کۆتاییدا ڕەق دەبێتەوە و دەبێتە هۆی زەردبوونی ددان، کە پێی دەوترێت کلسی ددان. کۆبوونەوەی کلس لە خوار هێڵی پووکەوە بڵاودەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پاککردنەوەی ددانەکان قورستر بێت.

پاشان، تەنها پسپۆڕێکی تەندروستی ددان دەتوانێت کلسەکە لاببات و پرۆسەی بڵاوبونەوەی هەوکردنی پوکی دەوری ددان بوەستێنێت.

لەبەر ئەوەی نەخۆشی پووک بەزۆری بێ ئازارە، لەوانەیە نەزانیت کە تووشی نەخۆشی پووک بوویت، بەڵام هەندێک نیشانە ئاماژەن بۆ  ئەو کێشەیە وەک:

· بۆنی ناخۆشی دەم.

· تامێکی ناخۆش لە دەمدا.

· پووک سووربوون و خوێنبەربوون و ناسکبوونی پوک.

· پووکەکان لە ددانەکان دوور دەکەونەوە، لە حاڵەتی  سەختبوونی نەخۆشیەکە ددانەکان شل دەبنەوە.

چەند هۆکارێک کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک زیاد دەکەن:

· نەپاراستنی پاکوخاوێنی دەم و ددان

· جگەرەکێشان

· شەکرە

· فشار

· بۆماوەیی

· هەندێک گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا (لە ڕەگەزی مێینەدا)

· دەرمانەکان

چەندین توێژینەوە پەیوەندییان لە نێوان نەخۆشی پوک و دەوری ددان و نەخۆشییە بە کۆمەڵەکان (وەکو شەکرە و پەستانی خوێن) نیشانداوە. لە کاتێکدا پەیوەندی ئەم هۆکارانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جێگیر 

نەکراوە، لێکۆڵینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە نەخۆشی پوک و دەوری ددان ڕەنگە بەشداربێت لە بەرەو پێشچوونی نەخۆشیەکانی تر.

دەتوانرێت هەوکردنی پووک بە پاکوخاوێنی باشی دەم و ددان و پاککردنەوەی بەردەوامی کۆنترۆڵ بکرێت و چارەسەر بکرێت. هەروەها دەتوانرێت جۆرەکانی تری نەخۆشی دەوری ددان کە بە  شێوازێکی خراپ پەرەیان سەندووە  بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێن بەڵام لەوانەیە پێویستیان بە چارەسەری بەرفراوانتر هەبێت. ئەم جۆرە چارەسەرانە بریتین لە پاککردنەوەی قووڵی ڕووی ڕەگی ددانەکان لە ژێر پووک، یاخود دکتۆری پسپۆڕ دەرمان دیاریبکات کە ڕاستەوخۆ لەسەر پووکی دەم دابنرێت وە لەوانەیە هەندێکجار پێویست بە نەشتەرگەری چاککردنەوە بکات.

لەبیرت بێت، پێویست ناکات ددانەکانت لەدەست بدەیت بەهۆی نەخۆشی پووکەوە. لەبری ئەوە ڕۆژانە دووجار ددانەکانت بشۆ، ڕۆژانە نێوان ددانەکانت پاک بکەرەوە، خواردنی هاوسەنگ بخۆ، هەروەها سەردانی پزیشکی ددان بکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بۆ ئەوەی بەدرێژایی تەمەن خاوەن زەردەخەنەیەکی جوان و تەندروست بیت.

 

 

2023-04-01 00:00:00